ڕەوشت موحەممەد
چەکێک بە بێ دەنگ و بە نادیاری کۆمەڵگە بەرەو وێرانیی و نەمان دەبات، نەوەیەک بەرهەم دێنێت زیندووە بەڵام بە جەستە، کەچی بیر و هۆش مردوو، نەوەیەک بێ ئاگا لە پێشکەوتنە جیهانییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خود و دەوروبەری. بەڵێ ئەمەی باس دەکەم ماددەی هۆشبەرە، ئەو چەکەی بەو پەڕی حەزەوە داهاتووی خۆمان و خێزانەکانمان بەهۆیەوە بەرەو هەڵدێر و لەنێوبردن دەبەین. ئەو گەلەی مێژوو هیچ نەما پێی نەکا بۆ لەنێو بردن و کەچی لەنێو نەچوو، ئەوەتا ئەمڕۆ خەریکە ماددەی هۆشبەر خەونی هەموو ئەوانەی تامەزرۆی کەوتنی کۆمەڵگەی کوردی بوون دێنێتە دی.
ماددەی هۆشبەر پرسێکی جیهانییە، یەکێکە لە هەرەمەترسیدارترین پرسەکان بۆ لەنێو بردنی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان، ئاسایشی تاک و خێزان و دەوڵەت دەخاتە مەترسییەوە، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ماددە هۆشبەرەکان ئەوەیە ڕووخانی دەروونیی تێدایە، ئەو کەسانە بەکاریدەهێنن کە لاوازی بەرگریی دەروونییان هەیە. هەرێمی کوردستان نموونەیەک بوو لە ناوچەکەدا بۆ کەمی و نەبوونی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بەڵام خەریکە نموونەکە پێچەوانە دەبێتەوە. دیاردە نا، خەریکە ماددەی هۆشبەر دەبێتە شتێکی ئاسایی، بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەکارهێنانی. قوتابخانە کە ناوەندێکی پەروەردەیی و فێربوونە، ئەوەتا ئەمڕۆ ترسمان لەوە هەیە منداڵەکانمان لەوێوە تووشی ئەو دەردە کوشندەیە ببن.
هەڵبەت من ناگەڕێمەوە سەر ئەوەی هۆکار چیبووە و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆچی وەک پێویست ڕێگرییان نەکردووە، چونکە ئەوە تازە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و لەدەست دەرچووە، ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کە دەبێت هەموومان لەو خەوە هەستین و هۆشیار ببینەوە، لە هەموو لایەکەوە هیمەت بکەین و هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەردە کوشندەیە. ئەرکی هەموومانە و هەموومان لە بەردەم بەرپرسیاریەتیداین، چونکە ئەگەر وا نەکەین دوو ڕۆژی دیکە لە دەوروبەرەوە دەگاتە خۆمان و لەنێو خێزانەکانمان تووشبوو دەبێت.
کارەساتەکە ڕێک لێرەوە دەستپێدەکات کاتێک ئێمە پێمان وابێت تەنها کاری حکومەتە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببێتەوە، نەخێر بەر لەهەمووان ئەرکی دایکان و باوکانە بە بەردەوامی ڕێنمایی و هۆشیاری بە منداڵانیان بدەن بۆ خۆ پارێزی لە ماددەی هۆشبەر، ئەرکی ڕێکخراو و ناوەندە هۆشیارییەکانە هەڵمەتی هۆشیاریی بەردەوام بڵاوبکەنەوە، مامۆستایانی ئایینی لەڕێی میمبەرەوە، حکومەت ڕێکارەکان توندتر و سزای بارزگانانی ماددەی هۆشبەر زیاتر بکات، هەڵبەت سەنتەری چارەسەریی پێویست بۆ ئاڵوودەبووان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بکاتەوە و هەوڵەکان بۆ بنبڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر گشتگیر و هەمەلایەنە بکرێن بۆ پاککردنەوە و پاراستنی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی.