لە وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و مایەپووچ بوونی بەشێک لە کۆمپانیاکان، دەچێتە نێو دۆخێکی دارایی سەختەوە. وە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دزیی لەو وڵاتە زیادی کردووە و کاریگەریی کردووەتە سەر کەرتی ئابووری و ئاسایشی وڵاتەکە.
ئەڵمانیا تووشی بارودۆخێکی سەختی ئابووری بووەتەوە و فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی لە ڤیسبادن بڵاوی کردووەتەوە کە دادگا ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 20 هەزار کۆمپانیای ناوەخۆیی مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و بە بەرچاو بە ساڵی ڕابردوو %19.2 زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکە، بەهۆی گرانیی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان ڕێژەی دزیی بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە زیادی کردووە و لە ماوەی ڕابردوو چەند کەیسێکی دزیی و تاڵانی بۆ بردنی خواردن وخواردەمەنی لە مارکێت و کۆگاکان هەبووە و لەبەر ئەمەش خاوەنەکانیان هەست بە ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێی زۆر دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکەن کە نزیکەی دە ساڵە وڵاتەکەیان دۆخی وا خراپ و مەترسیداری بەخۆیەوە نەدیوە.
جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕاینا و بەردەوامیی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی ئابووری جیهان بە گشتیی و وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەتی، ئەڵمانیاش هاوشانی وڵاتانی تری یەکێتییەکە بێبەش نەبووە لەم زیانانە و ڕووبەڕووی دۆخێکی دژواری ئابووری بووەتەوە.