لە هەرێمی کوردستان 10 ڕۆژ پشوو ڕاگەیاندرا

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند: بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە 10 ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025, ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025، تاکو 1ی کانوونی دووەمی 2026، پشووی فەرمی دەبێت، کە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەگرێتەوە.

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی ڕاگەیاند: خشتەی تاقیکردنەوەکان چەند ڕۆژێک پێشخراوە، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە 15ی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکەن، کە بەراورد بە پار ساڵ زووتر تاقیکردنەوەکان دەکرێن ئەمەش لە سوودی قوتابیانە.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، ”دەستکاری ساڵنامەی ئەم ساڵ نەکراوە و هەر بەپێی ساڵنامەکە تاقیکردنەوەکان پێشخراون.” هاوکات پار ساڵ 4ی کانوونی دووەمی 2025 تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم بەڕێوەچوو، کە ئەمساڵ بەراورد بە پار 20 ڕۆژ پێشخراوە.

سەبارەت بە ئاماری قوتابیانیش ئالان حەمسەعید ئاشکرای دەکات، “ئەم ساڵ ملیۆنێک و 965 هەزار قوتابی لە قوتابخانە تایبەتی و حکومییەکان دەخوێنن.”