کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە قەزای خەبات

قەزای خەبات تاوەکوو دوو مانگی تر دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری و لە ئێستادا پڕۆسەکە لە بەرەوپێشچووندایە. لەلایەکی دیکەوە، ناوچەکە بە کێشەی کەم ئاوی دەناڵێنێت و بە هەبوونی کارەبای 24 کاتژمێری، ناوچەکە لە کێشەی کەم ئاوی ڕزگاری دەبێت و تا ئەو کاتەش ئاو بە تانکەر دەگەیەنرێتە تەواوی قەزاکە.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات ڕایگەیاند: لەماوەی مانگێک، بۆ دوو مانگی داهاتوو، کارەبای 24 کاتژمێری (پرۆژەی ڕووناکی)، دەگاتە قەزای خەبات و ناوچەکانی دەورووبەری. هەروەها گوتی: لە ئێستادا ناوچەکە کێشەی کەم ئاوی هەیە و بە دەستەبەرکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کێشەی کەم ئاویش کۆتایی دێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی ناوچەکە دڵنیا دەکەنەوە لە هەماهەنگیی و هاوکاریی بۆ دەستەبەرکردنی ئاو و گەیاندنی بە تانکەر بۆ تەواوی ناوچەکە تاوەکوو پڕۆسەکە کۆتایی پێدێت.