حەمەسەعید حەسەن
یان مه‌نووسه، یان که نووسیت، هه‌ویری نووسینه‌کانت به ئاوی ڕاستگۆیی بشێله! یان مه‌نووسه، یان که نووسیت، با ئه‌ڤین، یان یاخیبوون، هانده‌رت بێت بۆ نووسین. نووسین حیله‌ی ئه‌سپی قه‌ڵه‌مه، ئه‌گه‌ر ئه‌سپی قه‌ڵه‌مه‌که‌ت له حیله که‌وتووه، وا باشتره چی زووتره ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگریت. کێشه‌ی نووسینمان نییه، کێشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه، زۆربه‌ی نووسینه‌کان که‌سێک نییه بیانخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر که‌س نییه بتخوێنێته‌وه، ئه‌وه هه‌ڵه‌ی خۆته، تۆ که توانای ئه‌وه‌ت نییه به زمانێکی پاراو بنووسیت، که نا‌توانیت به زمانێکی ئاسان باسی کێشه‌یه‌کی ئاڵۆز بکه‌یت، که پێت ناکرێت هاوزه‌مان ڕوون و قووڵ بنووسیت، که بۆت جێبه‌جێ ناکرێت به شێوازێکی خۆڕسک بنووسیت، خۆت مه‌که به گاڵته‌جاڕ! واز له نووسین بهێنه! نووسین به شێوازی خۆڕسک، ڕه‌چاونه‌کردنی قاڵبه دێرینه‌کان و ته‌کنیکه کۆنه‌کانی نووسینه.
ئیبن خه‌لدوون (١٣٣٢ – ١٤٠٦) ده‌یگوت: (مانا بۆیه کراسی گوته ده‌پۆشیت، چونکه مانا بێ گوتە بوونی نییە.) که‌واته ئه‌گه‌ر نازانیت به زمانێکی جوان بنووسیت، بانگەشه بۆ ئه‌وه مەکە خاوەنی مانای جوانیت. بۆ ئەوەی بتوانیت بە زمانێکی جوان بنووسیت، پێویسته له نهێنیی گوته و له چۆنیه‌تی به‌گه‌ڕخستنی تواناکانی تێبگه‌یت. پێویسته له‌وه ئاگادار بیت، نووسین له ڕۆژنامه‌دا که ڕووی ده‌می له زۆربه‌یه، جیاوازه له نووسین له کتێبێک‌دا که بۆ ده‌سته‌بژێر ده‌په‌یڤێت.
قه‌ت ڕۆمانی واتان خوێندووه‌ته‌وه، چه‌ند په‌ڕه‌یه‌کی کۆتایی پێوه نه‌مابێت و به خه‌یاڵی خۆتان چیرۆکه‌که‌یتان ته‌واو کردبێت؟ نووسه‌ری چاک چونکه ڕێز له خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گرێت، هه‌موو شتێک نانووسیت، هه‌ندێکی بۆ خه‌یاڵی خوێنه‌ر جێ ده‌هێڵێت. به دڵه‌ڕاوکێوه بنووسه! هه‌ر نووسینێک شتێکی نوێ نه‌خاته سه‌ر خه‌رمانی نووسینه‌کانی پێشووت، بڵاوی مه‌که‌وه! ئه‌گه‌ر نووسین له‌کنت ئامانج نییه، مه‌نووسه! خۆت به شتیکی دیکه‌وه خه‌ریک بکه! قەت هانا بۆ ورووژاندن مەبە! ئەوانەی دەخوازن لە ڕێی ورووژاندنی سکانداڵەوە ناوبانگ پەیدا بکەن، کەسانی ناساغن و ئەگەر توانایەکیش شک ببەن، لەکیس خۆیانی دەدەن.
گله‌یی له به‌ختی خۆت مه‌که! ئه‌وه نه‌ک ده‌گمه‌ن، ته‌نانه‌ت مه‌حاڵیشه، تۆ شتی باڵا بنووسیت و خوێنه‌ر نزم سه‌رنجی بدات. به‌شێک له (ناوبانگ)ی محه‌ممه‌د شوکری به (زڕاندنی ناو)ی باوکییه‌وه به‌نده، ئه‌و له ڕۆمانی (ته‌نیا به نانی ڕووت)دا که ناودارترین به‌رهه‌میه‌تی، به جۆرێک ناوی باوکی زڕاندووه، شکۆمه‌ندیی خاپوور کردووه. ئه‌وه نیشانه‌ی ئازایه‌تیی فیکری و زیره‌کییشه، نووسه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ی په‌سنی خۆی بدات، ڕه‌خنه له خۆی بگرێت، وه‌لێ ئایا ئه‌وه کاره‌سات و ته‌نانه‌ت سکانداڵیش نییه، نووسه‌ر له ڕێی زڕاندنی ناوی باوکییه‌وه، له هه‌وڵی په‌یداکردنی ناوبانگدا بێت؟
گیانی من، بۆ ته‌ڵێ، وه‌نه‌وشه، په‌رۆشه،
که له‌ژێر، سێبه‌ری، تووتڕکا، خامۆشه. گۆران
شیعر هاتوهاوار نییه، هونه‌ری شیعر خۆزیه پاڵنتی گوته‌نی، له‌وه‌دایه: (پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی وشه‌کانی بژنه‌فیت، بێده‌نگییه‌که‌ی به گوێت ئاشنا ببێت.) له شیعردا ئه‌وه به نه‌مریی ده‌مێنیته‌وه که بێده‌نگی ده‌یڵێت، نه‌ک بانگ و هاواری وشه. هه‌میشه وشه خامۆشه‌کانی به‌ر سێبه‌ر، له وشه ده‌مبه‌هاواره‌کانی به‌ر هه‌تاو کاریگه‌رترن. له خۆته‌وه شت مه‌نووسه و وه‌ک شیعر به خوێنه‌ری مه‌فرۆشه! ئه‌گه‌ر بێجگه له‌و شتانه‌ی خۆت به شیعریان ده‌زانیت، نا‌توانیت هیچی دیکه بنووسیت، ئه‌وا گومانت له‌وه نه‌بێت، نه شاعیریت و نه هیچ.
له پێده‌شته‌کانی ڕۆح‌دا
به دوای ئاسکه سرکه‌کانی خه‌ونه‌کانمدا
ڕا ده‌که‌م.
ئه‌و ڕسته شیعرییه، هی عه‌لی حه‌دداده، ئه‌گه‌ر قه‌ت ڕسته‌یه‌کی وا جوانت نه‌نووسیوه، یان دروستتر، ئه‌گه‌ر هه‌رگیز به وشه وێنه‌یه‌کی وا جوانت نه‌کێشاوه، ئیدی به چییه‌وه لافی ئه‌وه لێ ده‌ده‌یت که شاعیریت؟ تۆ که نازانیت نووسه‌ر به یه‌ک واو ده‌نووسرێت یان به دووان، ئیدی بۆچی خۆت پێ نووسه‌ره؟ تکایه پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بکه‌یت، خۆت فێری خاڵبه‌ندی بکه! ئاخر جاری وا هه‌یه فه‌رامۆشکردنی وێرگولێک، مانای په‌ره‌گرافێک ده‌شێوێنێت. تۆ که نازانیت، په‌ره‌گراف چییه، نازانیت له کوێدا خاڵ، فاریزه و نیشانه‌کانی دیکه‌ی خاڵبه‌ندی داده‌نرێن، ئیدی هه‌ق نییه خۆت به نووسه‌ر بزانیت. حه‌ز ده‌که‌م له‌وه دڵنیا بیت، جیاکردنه‌وه‌ی په‌ره‌گرافه‌کان، دانانی نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی به‌دروستی و له جێی شیاوی خۆیاندا، ڕه‌چاوکردنی ڕێنووس و پێبه‌ندبوون به ڕێزمانه‌وه، شتگه‌لی شکڵی نین، جه‌وهه‌ریین.