هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ڕایگەیاند؛ کە لە ماوەیەکی نزیکدا مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس لەنێو ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئاشتیی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەلوپەلی تایبەتی شاعیر تێێدا نمایش دەکرێت و کۆفی شۆپێکی بچووکیش دروست دەکرێت. لە کۆتاییدا، لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکی، بە شیعرێک یادی دەکاتەوە.
بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەس، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە شاری سلێمانی مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس لەنێو ماڵەکەیدا، بکرێتەوە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ڕایگەیاند: “لە چەند ڕۆژی داهاتوو مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس دەکرێتەوە کە لە ئێستادا ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە و کارەکانی لە کۆتاییدایە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کەلوپەلە تایبەتەکانی شاعیر لەنێو مۆزەخانەکە نمایش دەکرێت و کۆفی شۆپێکیشی تێدا دەبێت و مۆزەخانەکەش لەنێو ماڵەکەی دەبێت کە لە گەڕەکی ئاشتیی شاری سلێمانییە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بە شیعرێک یادی باوکی دەکاتەوە و دەڵێت:
بابە گیان سڵاو!
ئەو ڕۆژگارە دورودرێژانەی لە كەنار
خەونێكی منداڵیدا بووم…
كە نمام كرد و فڕینم گەورە بوو؛
چون بەچكە هەڵۆیەكی ”كۆ”
لەسەر دارسنەوبەرە سەوزەكانی شیعریی تۆ!
منداڵ بوم وەك خونچەی گوڵێكی پێشوەخت هەڵوەریو!
بچووكبووم وەك بەچكە هەڵۆیەكی هەڵنیشتوو، چاوەڕێ بۆ
لەخەوهەڵسان و فڕینێ بەرەو ئاسۆ!
ئێستا لەدوای ڕۆیشتنی تۆ…شەقژنەكانم
لە ڕەنگی تەنیایی و لە ڕەنگی
غەریبیی و لە ڕەنگی پاركی ئازادیی و لە ڕەنگی بێزاریی جادەی سەهۆڵەكە و لە ئاهی چریكەی دیلان و لە خەونی پچڕاویی ”خوایە وەتەن ئاواكەی بێكەس” ئەچێت!
ئەوسا ئیتر ئەبم بە پاركی مانگەشەو بۆ دڵداران و
ئەبم بە سایە و سێبەری ئێوارانی عاشقانەی
گەنجەكانی ئێستایی ڕاكشاوی سەر
ئارامگەكەی پاركی ئازادیی نیشتمان!
بابە گیان!
كە بیركردنم و غەریبیم دائەنیشێ و
ئەم نامەیەت بە خەتێكی
شڵەژاوی مانگی مەرگی ئاب بۆ ئەنوسێ..
كەم كەس تێی ئەگا جگە لە خۆم!
كەس بۆی ناخوێنرێتەوە؛ جگە لە خۆم!
هەربۆیەش چاپی ناكەم و بە دەستوخەتێكی
ڕاڕا و شپرزە كە هەموی
تێكەڵەیەكە لەو ”سەدویەك ڕۆژ تەنیایی”ەی كە
تۆ شیعرت تیا نەنوسی و چون تەمومژی
شەختەیی ئەم قوتبە شینە ئاوابوی!
بابە گیان! كە ئێستایش دائەنیشم و شانی
ڕاست دائەدەمە سەر
پاركی ئازادیی و دەستی چەپم لەناو
بەرۆكی درەختەكانی ئەم پاركەدا
نوقم ئەكەم؛ دائەنیشم و چون هەورێكی نەباریو، چون پەنگخواردنەوەی
فرمێسكێكی هەڵنەوەریو، شیعرنامە و نامە
كۆنەكانت ئەخوێنمەوە …
بابە گیان ئێستا من كوڕەخەمێكتم موروی
ملوانكەی پچڕاوی بێوەفایی
ئەم پاركە ئەهۆنمەوە بۆ گەردنی عاشقانی شیعری تۆ!
ئاخ و داخێك لە سینەی كون كونی ئەم پاركەوە دێتەدەرێ…و دەستی
ماڵئاوایی لە ڕەنگی كوژراوی ئەم شارە هەڵئەبڕێ!
بابە گیان!
لە كۆتایی نامەكەدا ئەڵێم؛
تۆ هەر خۆت و قەڵەمی دەستت،
تۆ هەر خۆت و خەمی گەشت، پێش
شەپۆلی شیعر كەوتویت!
مەرگت سەراپایی نەمر بوە!
درەختەكانی ئەم پاركە و سەوزیی باڵای شیعری
تۆ لە هەڵچوندایە و
باخی ئاو، گوڵی ورشەوپرشەداریی بۆ
كچی شیعریی تۆ گرتوە!
”ئێستا ئەزانم مردن ئێجگار بەو شێوەیە
ترسناك و خەتەر نییە
وەكو خەڵكی باسی ئەكەن، من بە تۆدا ئەزانم!”
ئەوە چەندین ساڵە لای مردنیت و
كەچی هێشتا هەر زیندویت!
كەچی هێشتا هەر ئەژیت،
وەكو سەوزیی و وەكو ئاو و هەوا
لەوانەیە مردن بمرێ بەڵام تۆ نا!
شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەسی شاعیری ناوداری کوردە و لە ساڵی 1940 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی 2009 سەرجەم بەرهەمە شیعرییەکانی لە هەشت هەزار پەڕدا چاپ دەکات.
بێکەس، بە یەکێک لە گەورە شاعیرانی کورد دادەنرێت و لە ساڵی 2013 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.