هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 دابەشدەکرێت

دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ مانگی 7 بەسەر پێشمەرگە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند؛ “هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی ڕێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) لە ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری 7ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.”

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە؛ لەم مانگەدا 74 هەزار ئەفسەر و پلەداری پێشمەرگە بە پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانانیان وەرگرتووە، هەروەها ئەوانەی تریش لە ڕێگای سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “لێرەوە، بە هەمووانی ڕادەگەینن کە سەرچاوەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.”