هونەرمەند، نەرمین قادر شەوی ڕابردوو لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆش لە شارۆچکەی ئەڵڵایی بەخاک سپێردرا.
شەوی سێشەممە، 5ی ئابی 2025، هونەرمەند و شانۆکار، نەرمین قادر، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارۆچکەی ئەڵڵایی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەخاک سپێردرا.
نەرمین قادر 15 ڕۆژ لەمەوبەر پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کردووە نووسیویەتی؛ “دوێنی کچەکەم چوو بۆ هیوا، تا دەرمانە کیمییاییەکە وەرگرێ، وتیان نەماوە. دوو ڕۆژە من بێعیلاجم و عەملیاتی خۆم بەقەرز و قۆڵە بکەم.”
هونەرمەند، نەرمین قادر، یەکەمین بەرهەمی شانۆیی لە ساڵی 1975 نمایشکراوە، 30 ساڵ لە شانۆگەریدا ڕۆڵی گێڕاوە و یەکێک بووە لە ئەکتەرەکانی پڕۆگرامی “بەرنامەی بەرنامە” کە یەکێک بوو لە پڕ بینەرترین پڕۆگرامەکانی میدیای کوردی.