نرخی خیار و شووتی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەی هاوردەکردن و کۆتایی هاتنی بەری یەکەم.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئابی 2025، نرخی کیلۆیەک خیار بۆ هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە و شوتیش بۆ سەروو هەزار و 250 دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرەتای کاتی پێگەیشتنی خیار نرخی هەر کیلۆیەکی لە نێوان 150 بۆ 250 دینار بوو و چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش شووتی لە نێوان 500 بۆ 750 دینار لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
داڵ میدیا زانیویەتی، بەرزبوونەوەی نرخی هەر یەک لەم بەرهەمانە هۆکاری جیاوازی هەیە؛ لە ئێستادا بەری یەکەمی خیار کۆتایی هاتووە و بەری دووەمیشی لە کۆتای مانگی ئاب پێ دەگات، ئەمەش لە کاتێک دایە هاوردەکردنی خیار لە دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی جوتیاران قەدەغە کراوە.
هەروەها بەرهەمی شووتی بەهۆی نەمانی بەری یەکەم و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هەفتەی ڕابردوو، شووتییەکان بە گڕەی گەرما لەنێوچوون و بەرهەمی لە بازاڕ کەمبۆتەوە. لەلایەکی دیکەوە شووتی هەولێر کۆتایی پێ هاتووە و ئەو بەرهەمە خۆماڵییەی ئێستا هەیە، شووتی شارەکانی تری هەرێمی کوردستانە.
خیار و شووتی یەکێکن لەو خواردنانەی کە لە وەرزەکانی گەرما لەلایەن هاووڵاتییان خواستێکی زۆری لەسەرە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت بەم دوو جۆرە بەرهەمە دەدەن، ساڵانە بۆ پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ و ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاوردەکردن لەسەر کۆمەڵێک سەوزە و میوە دادەنێت.