کوردۆ شابان
لە بەرانبەر هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی غەززە، هەڵمەتێكی دژایەتی دروست بووە. ئەمیان زیاتر توێژێک پێی هەڵدەستن كە ڕوانگەیەكی نەتەوەیییان لێک داوەتەوە، بەوەی عەرەب بە گشتی هەرگیز لە هیچ مەینەتییەكی كورددا هەڵمەتی هاوكارییان بۆ نەكردووین. گەلی فەلەستینی، تا ئێستەش سەددامیان خۆش دەوێت و ڕقیان لە كوردە. ئیدی بۆچی ئەو پارەیە و هاوكارییانە بۆ كورد نەبێت؟
ئێمە لێرەدا لە بەردەم سێ دیدی لیبڕاڵی، ئایینی و نەتەوەییداین. بە دیدە لیبراڵییەكە، هەر كەس مافی خۆیەتی سامانەكەی چۆن خەرج دەكات و دەیدات بە كێ و نایدات بە كێ، ئەوە ئیشی تۆ نییە ڕێگەی بەخشینەكەی بۆ دیاری بكەیت. ئەو ئازادە دەیدات بە غەززە یان بە هەر شوێنێكی تر. دیدە نەتەوەیییەكەش ڕوونە، بەڵام ئایا بە دیدی ئایینی، دروستە بەخشینەكان بنێردرێن بۆ غەززە؟
پێش ئەوەی باسی هۆكارەكانی بەخشین بكەم، دەبێت ئەوەمان بیر بێت، بەخشین زۆرەملێ نییە. كاتێک تۆ دەبەخشیت و من نابەخشم، مانای ئەوە نییە من هەڵەیەكی گەورەم كردبێت. گرینگیی ئازادیی بژار لەوەدایە، بتوانم نەیكەم. هەروەها بە كێی دەبەخشم، ئەوەش هەر بژاری خۆمە و كەس ناتوانێت زۆرم لێ بكات بۆ ئەوەی نەیدەم بەوەی دەمەوێت بیدەمێ.
هۆكارەكانی بەخشین:
(لێرەوە هەر خاڵێكی باسی دەكەم، بە بەخشین بۆ غەززە دەیبەستمەوە.)
یەكەم: مرۆییی ڕووت
واتە كەی زانیت هەر مرۆڤێک، لە هەر شوێنێكی دونیا بێت، لە هەر ڕەگەزێک بێت، سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت، هەڵگری هەر ئایین و ئایدیایەک بێت، لای تۆ جیاوازی نەبێت و فریای بكەیت.
ئایا ئەوانەی بەخشینەكانیان بۆ غەززە دەنێرن، ئامادەن بۆ لێقەوماوانی ئۆكرانیای بنێرن، یان ئەفەریقا و زۆر شوێنی تر؟ نەخێر. كەواتە بەخشینی ئەمانە هەرگیز ناچێتە ڕیزی ئەم جۆرەوە كە مرۆییی ڕووتە، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت، هەموو بەخشینێک بە هەر هۆكارێک بێت، دەچێتە ژێر خانەی مرۆیییەوە، با ئامانجەكەشت مرۆییی ڕووت نەبێت.
دووەم: ئایینیی ڕووت
واتە كەی زانیت برایەكی موسڵمانت لە هەر شوێنێكی دونیا بێت، پێویستی بە هاوكاریی تۆ بێت، فریای بكەویت، چونكە “موسڵمان برای موسڵمانە” بەپێی دەقی پەیامهێن و ئەركە لەسەرت لە مەینەتی ڕزگاری بكەیت.
ئایا ئەوانەی بەخشینەكانیان بۆ غەززە دەنێرن، هەرگیز ئاوا هەڵمەتی بەخشینیان بۆ میانمار و سۆماڵ كردووە؟ نەخێر. كەواتە بەخشینی ئەمانە، هەرگیز ناچێتە ڕیزی بەخشینی ئایینیی ڕووتەوە، بەڵام لایەنە ئایینییەكەش زاڵە بەسەریاندا.
سێیەم: نەتەوەییی ڕووت
مرۆڤی نەتەوەیی، خەمی خەڵک و خاكی هەموو نیشتمانەكەی هەڵدەگرێت و لە هەر كوێ بزانێت دەتوانێت نەوەک بە سامان، بەڵكوو پێویست بكات خوێنیشی بۆ بڕێژێت، ئامادەیە گیان و ماڵی بۆ نیشتمانی خۆی بەخت بكات. مرۆڤی نەتەوەیی، ڕقی لە نەتەوەی تر نییە و هیوای باشیان بۆ دەخوازێت، بەڵام هەتا تاكێكی نەتەوەی خۆی پێویستی بە هاوكاری بێت، ئامادە نییە سامانی خۆی بخاتە قورگی تاكی هیچ نەتەوەیەكی ترەوە.
زۆر ڕوونە بەخشەرانی غەززە، لەم توێژە نین.
كەواتە ئەم هەڵمەتەی بەخشین بۆ غەززە دەكەوێتە ژێر چ خانەیەكەوە؟
ئەمانە ئەو هۆكارانەن كە تاكێكی كورد بەناوی “حاجی كاروان” دەتوانێت هەڵمەتێک بۆ غەززە ڕابگەیەنێت و وەک خۆی دەڵێت، بە ملیۆنان دۆلاریش كۆ بكاتەوە:
1- هەژموون و كاریگەریی عەرەب بە گشتی و ئیخوان بە تایبەتی لەسەر كۆمەڵگەكانی تەنانەت جگە لە عەرەبیش. تەلەڤزیۆنی جەزیرە و میدیاكانی تری ئیخوان یان نیمچە ئیخوان توانیویانە دۆخێک تەكنیكی “زەقكردنەوەی میدیایی” بۆ كەیسی غەززە دروست بكەن، وەک چۆن هەر ئەو میدیایانە لە كاتی لێقەومانی عەفرین و هەر شوێنێكی تری كوردستان، “شاردنەوەی میدیایی”یان بەكار دەهێنا. ئەو میدیایانە وایان كردووە، ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات لە چاوتدا بكەنە كارەساتی مرۆییی زۆر گەورە و لە بەرانبەردا هەرگیز ئەوەی لە عەفرین و كۆبانی ڕوویان دا كە زۆر خراپتر بوون، تەنانەت تۆی كوردیش هەستی پێ نەكەیت. واتە تۆ كە تەنیا غەززە دەبینیت، عەقڵت لە شوێنێكدا سڕ كردووە و دوگمەی سۆزتیان بەو شێوەیەی دەیانەوێت داگیرساندووە.
2- لایەنی بەرانبەر كە تاوانی گەورەی بەرانبەر غەززە كردووە، بریتییە لە ئیسرائیل. تۆ وەكوو تاكێكی موسڵمان فێر كراویت كە جوو دوژمنە و هەموو كارێكی بەدیان لێ دەوەشێتەوە. واتە پێشوەختە مێشكت ئامادەیە بۆ ئەوەی هەموو كارێكی ئیسرائیل دەیكات دوژمنكارانە بیبینیت و هەموو ستەمێكیش كە دەیكەن بە چاوی سۆزەوە تەماشای بكەیت. بەڵام لەبەر ئەوەی لە قورئاندا ناوی سەددام تا سوودانی نەهاتووە، تۆ هەست بەو تاوانە ناكەیت لە ئەنفال و هەڵەبجەوە تا ئێستەش بەردەوامن. هەست بەو تاوانە ناكەیت كە ڕۆژانە گەنجی كورد لە ئێران لەسێدارە دەدرێت، هەست بەو تاوانە ناكەیت كە تورک بەسەر عەفریندا هێنای و لە باكووری كوردستان بە ملیۆنان خەڵک دەربەدەر و برسی و بێناسنامە كران. ئەمانە ناتوانیت ببینیت، چونكە دەماغی تۆ تەنیا ئەوە دەبینێت كە لە دەقە پیرۆزەكەدایە. واتە تۆ ئەوەندە دەماغت هۆشیار نییە تێ بگەیت، ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، نموونەیە بۆ ستەمی هەر زۆردارێک لە هەر میللەتێكی دەكات.
3- دوای ئەو دوو خاڵە، ئینجا دەتوانین بڵێین وەک لایەنێكی مرۆیی و لایەنێكی ئایینییش كە دەبێت بەتەنگ لێقەوماوە بچیت، خاڵێكە لە خاڵەكان.
4- خۆنواندن و خۆنمایشكردن بۆ ئەوی تر. كورد لە هەر پێگەیەكدا بێت، لە سیاسییە زلەكانەوە تا هەر تاكێكی ئاسایی، لە هەر حیزب و لایەنێكدا بێت، پێی خۆشە خۆی بۆ ئەوی دیكە نمایش بكات تا ببینرێت. یەكێک لەو خۆنمایشكردنانە، نماییشی ئایینییە بۆ ئەوەی گەلانی موسڵمان بیبینن. ئەمە دۆخێكی دەروونیی ئاسایییە و لە نەبوونی دەوڵەتدا، ناچارین بە هەر شتێک بێت خۆمان پیشانی دونیا بدەین. ئەگەر سەربەخۆ بووینایە، هەموو ئەو وردە شتانەمان نەدەویست بیكەین. ئێستە دەبێت هەوڵ بدەین، بە شتی پووچ پووچ بچینە كتێبی گینسەوە، لاساییی زۆر شتی لاوەكیی وڵاتان بكەینەوە تا لەپاڵیاندا جێمان بێتەوە، ڕەعد كوردی و قورئانخوێنی تر هەناردە بكەین، لە ئەرەب ئایدڵ بەشدار بین، یانەیەكمان ببێتە باشترینی وڵاتانی عەرەب، بەشداری پاڵەوانیی شەڕەبۆكسێن و ئەتاری و هەرچی شتە بكەین بە ئاڵای كوردستانەوە، بۆ ئەوەی ببینرێین.
دەتوانم بڵێم خاڵێكی گەشی ئەم خێرخوازییەی حاجی كاروان لەوەدایە، ئاڵای كوردستان بەرز دەكەنەوە و پێیان دەڵێن ئەوە ئێمەی كوردین فریاتان دەكەوین لە كاتێكدا ئێوە هەرگیز ئێمەتان بیر نەبووە. خۆزگە لەسەر ئەو ئاڵایەی سەر سینگی تیمەكە، تەنیا بنووسرایە كوردستان و وشەی نەفرەتیی عێراقی پێوە نەبوایە.
لە ڕووی ئایینییەوە:
ئەگەرچی بەو خاڵانەی پێشتر سەلماندم كە ئەم خێرخوازییە بۆ غەززە ئایینیی ڕووت نییە، بەڵام گریمان تەواو ئایینیش بوو، ئایا دروستە خێری خۆت بنێریت بۆ وڵاتانی تر؟
لە ئیسلامدا دوو جۆر بەخشینی سامان هەیە، یەكێكیان ئەركە (فەرزە) كە بریتییە لە زەكات و سەرفیترە و بەشێكە لە بنەماكانی موسڵمانبوونت و ناتوانیت لێی لا بدەیت. ئەوی تر بریتییە لە بەخشینی ئازاد، بیكەیت خێرت دەگاتێ و نەیكەیت تاوانت نەكردووە.
– لە زەكات و سەرفیترەدا، بەپێی چەندان دەق، دروست نییە سامانی وڵاتێک ببرێت بەسەر هەژاری وڵاتێكی تردا دابەش بكرێت. تەنانەت لە سەردەمی عومەری كوڕی عەبدولعەزیزدا كاتێک زەكاتی خوراسانیان بۆ پایەتەختی دەوڵەت هێناوە، گەڕاندوویەتییەوە و سەركۆنەی كردوون، چونكە لە فەرمانی خوا لایان داوە. ئەمە هیچ دەرفەتێكی گۆڕینی تێدا نییە. بە بەڵگەی: “أنَّ الله قد افترض عليهم صدقةً في أموالهم, تُؤْخَذ من أغنيائهم, فتُرَدُّ في فُقرائهم.” بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە.
– ئەوی تریان كە بەخشینی جگە لە زەكات و سەرفیترەیە، تاكە هۆكار كە وات لێ بكات بیدەیت بە خەڵكی دوور لە وڵاتی خۆت، ئەو كاتەیە كە لە وڵاتی خۆتدا كەسی تێدا نەبێت پێویستی بەو پارەیە بێت، بە دەیان بەڵگە. تەنانەت لەم بەخشینانەشدا، بەهۆی چەند فەتوایەكەوە ڕێگە دراوە كە دەكرێت بۆ وڵاتانی تری بنێریت، ئەویش بۆ خەڵكی وڵاتانی كەنداوە چونکە بەخشینەكانیان لە پێداویستیی هەژارانی وڵاتەكەیان زیاترە.
زۆر بە كورتی، دیسان خاڵی سەرەتا دەڵێمەوە، هەر مرۆڤە ئازادە پارەكەی بۆ كێ و كوێ دەنێرێت، بەڵام وا نەزانێت ئەوەی بۆ غەززەی دەكات، تەواو كارێكی ئایینییە، چونكە بەپێی ئایین، هەتا دراوسێكەت وەستابێت، براكەشت مافی نییە لە چاكەكاریت وەربگرێت. هەروەها وا نەزانیت كارێكی تەواو مرۆیییە، چونكە ئەو هەستە مرۆیییەت بۆ زۆر لێقەوماوی تری ئەم جیهانە نەبووە. بە دڵنیاییشەوە بەو ئاڵا كوردستانەی داتناوە كارەكەت نابێتە نەتەوەیی، ئەگەرچی ئیشێكی باشە و لە دانەنانی باشترە، بەڵام مرۆڤی نەتەوەیی، لەپێشدا خەمی لێقەوماوی وڵاتی خۆی دەخوات. وەک گوتم، تۆ كەوتوویتەتە ژێر هەژموونێكی سەپێندراوەوە و بەخۆت نەزانیوە.
سەرباری ئەم خاڵانە، حاجی كاروان كاری خێرخوازیی زۆریشی لە كوردستان كردووە و شوێندەستی دیارە، نابێت چاومان لە دیتنی ئەوانەشدا بشارینەوە.