شیعر و ڕەخنە

حەمەسەعید حەسەن

نازانم ئێوە چۆن بوون بە نووسەر یان بە شاعیر، بەڵام من لەناکاو خۆم لە دونیای نووسیندا بینییەوە، هەر لە خۆمەوە کەوتمە نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی و شیعر، بەبێ ئەوەی پلانم بۆ ئەوە داڕشتبێت کە ببم بە نووسەرێکی ڕەخنەکار یان شآعیرێکی بەهرەدار. لە سەرەتاوە شوێنپێی (گۆران)م هەڵگرت، هەنووکەیش پێم خۆشە، شیعرێک بنووسم، لیریک، ڕۆمانتیک، یان ڕیالیستێکی بە خەیاڵ ئاودراو. زۆر شیعری بێ پاشبەندم نووسیوە، بەڵام دەقێک کێش فەرامۆش بکات و بایەخ بە ڕیتم نەدات، ناتوانم وەک شیعر بەسەر خوێنەریدا ساغ بکەمەوە.

شاعیری بێبەهرە، ئەوانەی وشکوبرنگ دەنووسن، وا ڕاهاتوون زوو زوو (مانیفێستی شیعری) بڵاو بکەنەوە، بەو ئومێدەی کەموکووڕییە هونەرییەکانی خۆیانی پێ حەشار بدەن. ڕەنگە شیعر بتوانێت، دەست لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵبگرێت و هەر شیعریش بێت، بەڵام دەقێک بڕێک لە لیریکی تێدا نەبێت، حەیفە بە شیعری لە قەڵەم بدەین. دەتوانین پێشمەرجەکانی شیعری دێرێن ڕەچاو نەکەین، بەڵام ئەگەر دەقێکمان بەرهەم هێنا، خاڵیبوو لە سۆز و لە خەیاڵ، ئەوە ناکەوێتە خانەی شیعرەوە. 

کە نە خاوەنی بەهرە بین و نە زیرەکی، ناچار دەبین هانا بۆ لاساییکردنەوە ببەین، پەخشان بە نرخی شیعر بفرۆشین و ئاستی نزمی ڕۆشنبیری و فەقیرخەیاڵیی خۆمان، لەودیو تەمی هایکووی لاوازەوە بشارینەوە. کە نازانیت ڕستەی شیعری چییە ، کە هەرگیز وێنەیەکی شیعریت دانەهێناوە، کە بە پارادۆکس ئاشنا نیت و هەرگیز بە مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ وشەدا، خوێنەرت تووشی شۆک نەکردووە، بۆچی گەڕت لە شیعر ئاڵاندووە؟

ڕەخنەگرتن لە شیعر ئەوە نییە، باپیرانمان چۆن شیعریان هەڵدەسەنگاند، ئێمەیش ئێستا وەک ئەوان مامەڵە لەگەڵ شیعردا بکەین، ئەوەیش نییە هەر (تیۆری)یەکی نوێ لە خۆرئاوا داهات، هاوردەی بکەین و بەو پێوەرانەی ئەوێ، شیعری ئێرە هەڵبەسەنگێنین. ڕەخنەی شیعری نە کۆپیکردنەوەی (تیۆری)یە دێرینەکانە، نە نابینایانە پشتبەستنە بە مێتۆدی تازەی لە دوورەوە هاتوو. 

ئەوە بۆ ڕۆژنامەنووس دەستکەوتە، لە گواستنەوەی هەواڵدا پێش هەمووان بکەوێت، بەڵام ئەوە ئیشی ڕەخنەگر نییە، هەر ڕێبازێکی نوێ لەوپەڕی دونیا سەری هەڵدا، هەوڵ بدات خۆی یەکەمین کەس شوێنی بکەوێت. لەوەیش گاڵتەئامێزتر ئەوەیە، شوێنپێهەڵگر خۆی لێ ببێت بە ڕچەشکێن. لە نواندندا ئەوە زادەی بەهرە و زیرەکییە، ئەکتەر بچێتە ناو پێستی ئەو کەسایەتییەوە کە ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، بەڵام لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، ڕەخنەکاری لێزانی خۆماڵی، ناچێتە پێستی ڕەخنەکارێکی بێگانەوە.