تیمێکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا توانیان ژیانی کرێکارێک لە مردن ڕزگار بکەن و شیشێک کە بە قوڵای 40 سانتیمەتر کە لە گوونیەوە چووبووە نێو جەستەی دەربهێنن.
ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئابی 2025 نەخۆشخانەی فریاکەوینی ڕۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاند، “ڕزگارکردنی کرێکارێک کە لەکاتی کارکردن شیشێک بە قولایی 40 سم چووبوە ناو سکیەوە، نەشتەرگەریەکی بەپەلە و سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و لە ژێر چاودێری نەخۆشخانەدایە.”
دکتۆر ڕامان سابیر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند،” کرێکارێکەکە بەهۆی بازدانەوە لە شوێنێکی بەرز، شیشێک بە شێوەی ستوونی لە گوونیەوە دەچێتە نێو جەستەی و دیواری سکی بریندار دەکات، بەڵام خۆشبەختانە شیشەکە دیواری سکی نەبڕیبوو و زیانی بە ئەندامە هەستیارەکانی نێو سکی نەگەیاندبوو.”
هەروەها دکتۆر ڕامان ڕێنمای هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت؛ لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی هاوشێوە، وەک چەقینی شیش، چەقۆ، یان هەر تەنێکی تیژی دیکە بە جەستەدا، بە هیچ شێوەیەک هەوڵی دەرهێنانی تەنەکە نەدەن، پێویستە راستەوخۆ نەخۆشەکە بگەیێندرێتە نزیکترین نەخۆشخانە، تاوەکو لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەربهێنرێت.