سودانی: هێرشە درۆنییەکان کاری تیرۆرستین

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەکات و دەڵێت: “هێرشە درۆنییەکان کاری تیرۆرستین”.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت: هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان “کاری تیرۆریستین” دەشڵێت “هەوڵدەدەین پەرە بە تواناکانمان بدەین بۆ دۆزینەوەی هێرشکارانی درۆنەکان و سەرچاوەی هەڵدانیان، تاوەکو بتوانین رێکاری یاسایی بگرینەبەر.

سودانی ئاماژە بەوەش دەکات: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پلە باڵای هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستکراوە و لە پەیوەندیی بەردەومداین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنانەی ئەم کارە تیرۆرستییەیان ئەنجامداوە”.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ 28ـی ته‌ممووزی 2025، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتنە هەولێر و لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا و دوای کۆبوونەوەیان، ئەعرەجی ڕایگەیاند: لیژنەیەکی هاوبەش بەڵگە و ڕاستییەکان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان کۆدەکەنەوە.