دەزگای روانگە وانەیەکی نوێ لە سیستەمی خوێندن زیاد دەکات

روانگە فاوندەیشن لە نوێترین پرۆژەی پەروەردەیی دا، وانەی کارسازیی و پێشەنگکاری لە سیستەمی خوێندنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئابی 2025 ، دەزگای روانگە ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ستراتیژی و سەردەمییانەدا، بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەزگای روانگە وانەی کارسازیی و پێشەنگکاری بۆ پرۆگرامی خوێندن لە تەواوی زانکۆکانی کوردستان زیاد دەکرێت.”

بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە قوتابیانی هەرێمی کوردستان ئاشنا دەبن بە بیرۆکەی نوێی زانستی و پێشکەوتنە جیهانیەکان، لەمبارەیەوە دەزگای روانگە ڕایدەگەیەنێت، “مەبەست لە جێبەجێکردنی پرۆژەی لەم جۆرە راهێنان و گەشەپێدان و بەهێزکردن و ئاشنا کردنی قوتابیانی زانکۆکانە بە بابەتی پێشەنگکاری بەشێوازێکی زانستی و پەروەردەیی کە هاوتەریبە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئێستای جیهان لەم بوارەدا.”

لەلایەکی دیکەوە دەزگای روانگە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمیشە دەستپێشخەر و هەماهەنگ بووە بۆ پێگەیاندن و بەهێزکردنی لاوان لە هەموو قۆناغەکان لە ڕێگەی پڕۆژە جۆراوجۆرەکانییەوە.