بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە دوو هاووڵاتی بەر دەستڕێژی گوللە دران و گیانیان لەدەستدا.
کەمێک لەمەوبەر پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، “بەداخەوە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە گەڕەکی فەرمانبەران بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکە.”
ڕووداوەکە کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەڵەبجە ڕوویداوە.
داڵ میدیا زانیویەتی کوژراوەکان بە ناوەکانی، (بەشدار جەزا)ی تەمەن 20 ساڵان و (شکۆ موحەممەد)ی تەمەن 21 ساڵانن، هەروەها برینداربوونی کەسێکی دیکەی تەمەن 31 ساڵان.
ڕووداوەکە بەوە جۆرە بووە؛ سێ گەنجەکە لە نێوان کاتژمێر 1:30 بۆ 3:00 شەو لە بەردەم ماڵی خۆیان لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەڵەبجە دانیشتوون و ماتۆڕسوارێک بەرەو ڕوویان دێت و دەستڕێژی گوللەیان لێ دەکات. بەشدار و شکۆ گیان لەدەست دەدەن و یەکێکی تریان بە سەختی بریندار دەبێت.
پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەشی ڕاگەیاند؛ لە ئێستادا دوو کەس بە تۆمەتی ڕووداوەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.