فارس نەورۆڵی
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر چەمکی درۆ و مانا و زیانەکانی ئەوا دەبینین کە بیرمەندانی وەکو ڕۆس و قەدیس ئۆگەستین و جاک دێریدا و زۆر بیرمەندی تر گفتوگۆی قووڵیان دەربارەی درۆ هێناوەتە ناو بیروڕا جیاجیاکانەوە، بە سەرهەڵدانی درۆ لە ناو گەلانی دونیادا جێگەی بایەخە و دەبینین کە درۆ بوەتە دیاردەیەکی پەتی و کەسانی فشۆڵ بۆ دەستکەوتی یاسایی و سیاسی خۆیان پێوە گرێدراوە و لە ژێر کەشوهەوای دیاردەکان دا شێوازی گێڕانەوەکانیان دەگۆڕن بە درۆ تا پێی بژین.
درۆ چییە؟ قسەیەکە پێچەوانەی واقیع و ڕاستییە بۆ خەڵەتاندنی دەووروبەر لەپێناوی دەسکەوتێکدا یان دروستکردنی کێشە لەنێوان دەوروبەریدا. درۆ ئەگەرچی دیاردەکی کۆمەڵایەتییە بەڵام تەنها دەروونناس و کۆمەڵناسەکان قسەیان لەسەرنەکردووە، بەڵکو ئایینەکان و فەلسەفەش قسەیان لەسەر کردووە. درۆ یاخود نەگوتنی ڕاستی تەنها گوفتارێکی ناشرینی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ڕەگێکیشی لەفەلسەفەدا هەیە، فەیلەسوفەکان پرسیاریان لەبارەی ڕاستییەوە کردووە ڕاستی چییە؟ هەروەها پرسیاریان کردوە ئایا درۆ تەنها وتنێکە پێچەوانەی ڕاستییە؟ یان کردارێکە ئامانجی خەڵەتاندنی دەوروبەرەکەیەتی بەئەنقەست. “ئەفلاتون” لەکۆمارەکەیدا باسی درۆی نەجیبی کردووە، مەبەستی ئەو جۆرە درۆیە نموونە: فەرماندەیەک لەکاتی شەڕدا بیەوێ بەدرۆیەک ورەی سەربازەکانی بەرزکاتەوە.
لەسەردەمی بەعسدا کاتێک جاش و ئەمن دەکەوتنە دوای گەنجێک بەکەسێکیان بگوتایە بەرەو کوێ چوو ئەو بەپێچەوانەوە شوێنەکەی لێ هەڵە دەکردن ئەمەش درۆی نەجیبە، بەڵام “نیچە” پێی وایە ڕاستی تەنها وەهمێکە و لەبیرکراوە، مرۆڤ بەردەوام لەڕێگای زمانەوە درۆ دەکات، وەسفی واقعێکی گۆڕاو دەکات بەپێچەوانەی “ئەفلاتون”، “کانت ” ڕایەکی دیکەی هەیە و هەموو جۆرە درۆیەک لە هەموو دۆخ و هەلومەرجێکدا بەکردەوەیەکی نائەخلاقی دەزانێ، چونکە درۆ ویستی چاکەخوازی لەناودەبات و متمانە لەنێوان مرۆڤەکان ناهێڵێ، لەناو ئایینەکانیشدا بەتایبەتی ئیسلام درۆکردنی بەنیشانەی مونافیق باسکردووە. خۆ ئەگەر جاران لەگەڕەکێکدا لەجێگایەکی فەرمیدا درۆزنێک هەبوایە ئێستا درۆزن لەڕاستگۆ زۆرترن. لەکۆمەڵگا درۆ بووە بەڕۆتین، کەس شەرم ناکات کاتێ درۆ دەکات، نموونە ڕۆژانە سەدان موجامەلەی درۆ دەبینین سەدان کۆمێنتی درۆ دەبینین. لەکۆمێنت کابرای کردووە بەگیڤارا کە دێتە لای تۆ دەڵێ هیچ نییە سووکە، جارێ کەدێتە دەنگدان بەهەموو کاندیدەکان دەڵێ بەسەر چاو بەڵام بەپێچەوانەوە دەنگی پێ نادات، بەداخەوە درۆ فەزای گشتیی تەنیووە. سیاسی درۆ دەکات، ڕۆشنبیر درۆ دەکات، پیاوی ئاینی درۆ دەکات، میدیاکار درۆ دەکات، ئەهلی زانکۆیە و درۆ دەکات، واتە ڕێژەی درۆزن لەڕاستگۆ زیاترە بۆیە بارودۆخ ناڵەباردەبێت.
دواجار مرۆڤی درۆزن نە هاوڕێیەکی باشە نە نیشتمانپەروەرێکی باشە، نەسیخوڕێکی ڕاستگۆدەبێ، نە کەسێکی ئازاد و ئازا دەبێت، سەیرە سەدان کۆمەڵە و ڕێکخراو هەیە کەچی سەرەڕای ئەو هەموو درۆزنە کۆمەڵەیەک ، سەندیکایەک بەناوی درۆزان و درۆزنەکانەوە نییە، چونکە درۆ ئەوەندە ناشیرینە کەس نایکاتە پێناسەی خۆی، بۆیە تکایە با ڕاستگۆبین لەتەک خۆمان، لەتەک نیشتمان، لەتەک دەوروبەرمان. ئیتر لێرەوە دەرگای چارەسەری کێشەکان دەکرێتەوە ئاخر ناکرێ خەڵک درۆنمان تێگرێ و ئێمەش درۆ لەتەک یەک بکەین. وەکو لە مێژوودا دەبینین دواجار درۆ فشۆڵی خاوەنەکەی و ئەو کایەش کاری تێدا دەکات بەرەو داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشان دەچێت و گوتارەکانی ناو کایەی درۆ لە بەریەک هەڵدەوەشێن و درۆزنانیش ڕابردوویان دەبێتە چەند ناونیشانێک لە پەشیمانی و خڵۆریبوونەوە بۆ ناو زیڵدانی مێژوو.