حەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان دەستگیرکرا

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 37 ساڵ لە شاڵاوەکانی ئەنفال تاوانکاریەکانی زیندانی نوگرە سەلمان، حەجاج، ئەفسەری ئاسایشی زیندانەکە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025 دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: “ لەگەڵ بەردەوامی دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق، پاش لێکۆڵینەوەیەکی وردی شەش مانگی توانیمان یەکێک لە بەرچاوترین داواکراوی ڕژێمی پێشووی بەعس دەستگیر بکەین.”

تاوانباری داواکراو، بە ناوی (عجاج ئەحمەد حردان) ناسراو بە حەجاجی نوگرە سەلمان، کە لە پێشتردا ئەفسەری ئاسایشی بەندینخانەی نوگرە سەلمان بووە و بە خراپ ناوی دەرکردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، حەجاج لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا چەندین پلە و پۆستی جیاوازی هەبووە و پۆستەکانی بریتین لە، “   ئەفسەری قەزای نەجمی،   ئەفسەری قەزای هیلال ، ئەفسەری قەزای پارێزگای موسەنا، ئەفسەری قەزای بەسیە و کۆتا پۆستی تاونبار بریتی بووە لە ئەفسەری قەزای نوگرەی سەلمان واتا بەرپرسی ئاسایشی ئەو زیندانە بووە، کە تیایدا زۆر بێ ویژدانانە ئازار و ئەشکەنجەی هاونیشتمانیانی کوردی داوە  و منداڵ، ژن، گەنج و پیری شەهید کردووە.”

ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایش باس لەوەش دەکات، “حەجاج بەشداری کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵکردنی قوربانیان لە گۆڕستانە کۆمەڵایەتیەکانی ناو قەزاکاندا”.

هەروەها حەجاجی نوگرە سەلمان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێنی دیکتاتۆر، زنجیرەیەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و بەتایبەت لە شاڵاوەکانی ئەنفال و ساڵی 1988.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بەدرێژای ماوەکانی پێشوتر، خانەوادەی حەجاج دەنگۆی مردنی ئەو تاوانبارەیان بڵاوکردۆتەوە و هەوڵیان داوە حەجاج لە نێو خەڵکیدا بمرێنن، بەڵام بە پلانی ورد و شیکردنەوەی ئەو بەڵگانەی کە لەدەستماندابوون توانیمان شوێنی خۆ حەشاردانەکەی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئاشکرا بکەین و دەستگیری بکەین.