حیزبی سامان و سەرمایە!

نووری بێخاڵی

حیزبی کوردی بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنییەوە، بە ڕاست و چەپییەوە، بە ئیسلامیی و عەلمانییەوە، سیاسەت و حیزبایەتیکردن بە گردکردنەوەی حەشامات و دروستکردنی قەرەباڵغی تێ گەیشتوون. هەر لەبەر ئەمەیشە؛ بەردەوام دووانەی جەماوەر و کۆمەڵان کە هەردووکیان دۆخی مێگەلییان هەیە، دەجوونەوە.

هەروەتر، چونکە حیزب لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا جەستەیەکی تێکشکاوە و چیتر توانا و ئیرادەی خۆنوێکردنەوە و گۆڕانکاریی نییە. بۆیە سووڕی ژیان و بەردەوامیی خۆی، لەسەر کاوێژکردنەوەی سەروەری و شانازییەکانی مێژوو و چی و چی تر، درێژە پێ دەدات، لەکاتێکدا کە خودی ئەو مێژووەش جێی پرسیار و گومانە!

ئەو گومان و پرسیارانەش لەسەر ئەو مێژووەی کە حیزب بە شانازیی بە کۆمەڵگای دەفرۆشێتەوە، ڕەوایەتیی لەو ڕاستییە وەردەگرێت؛ حیزب جگە لە تۆخکردنەوە و بەرژەوەندیی گرووپگەلی بچووکی گوێڕایەڵی ناو خۆی، هیچ ئامانجێکی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی نییە و کوردبوون لە پەراوێزی پەراوێزی گرنگیپێدانەکانیەتی.

بەوە نییە لە هەندێک چرکەساتدا جۆش و خرۆشی دەروێشانەی هوتافی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەیگرێت، ئاخر لە بنەڕەتدا و لەباری باوەڕدا، خۆی لەسەر ئەم دوو پرەنسیپە یەکلایی نەکردۆتەوە. بۆیە ناتوانێ بۆ درێژمەودا؛ باوەڕ بە خۆیشی بێنێت کە نوێنەری دۆزێکی نەتەوەیی – نیشتمانییە.

بە دروشم و هاشوهووشی ساتەوەختەکانی کۆنگرە نێوخۆییەکانی و هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنەکان مەخەڵەتێن، ئەمانە هەڵچوون و کەفوکوڵی کاتیی و دنەدانی مێگەلن و هیچی تر.

حیزبی کوردی کە هەنووکە بۆتە کۆمپانیا و تیایدا، بەرک و بازاڕ جێی بیروباوەڕ و سامان و سەرمایە شوێنی سیاسەتکردنی گرتۆتەوە، هاوکات هیچ ڕوانگەیەکی ڕاست و دروستی بۆ دەسەڵاتدارێتی، بەدامەزراوەییکردن، نەتەوە و نیشتمانسازی نییە، هەر دەبێ چاوەڕێی ئەوەی لێ بکەیت کە ئێستا دەیبینیت، بەوەی جەماوەری لە جەوهەر، دیوەخانی لە دەزگا، کۆیلەی لە کارزان و وەجاخزادەی سەرکزی لە وەلای ڕەخنەگرانە، بەلاوە گرنگتر بێت.

بەهەرحاڵ، ئەم جۆرە تێگەیشتن و مامەڵەکردنەی لەگەڵ کاری سیاسەت و حیزبایەتیدا، بەڵگەی ئەوەیە کە حیزبی کوردی نە خاوەن فیکرە، نە لە ئاستە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەیش پڕۆژە و بەرنامەیەکی هەنووکەیی و ئاییندەیی هەیە. ئەمەش لە سادەترین واتادا بریتییە لە شکست. بۆیە تا بەم مەنتاڵێتی و پێکهاتەیەوە بێت، هەرگیز ناکرێ نەتەوە ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و خەون و خۆزگە نیشتمانییەکانی خۆی لەسەر حیزبی کوردی هەڵبچنێت.