سالح هەرکی
لەو کولتوورانەدا کە لەسەر بنه‌مای پەیوەندیی خزمایەتی و یادەوەریی بەکۆمەڵ (الذاكرة الجماعیة) بنیات نراون، چەمکەکانی وەکوو (دادپەروەری) و (تۆڵەسەندنەوە) هەندێکجار تێکەڵ به یه‌كتری دەبن و سنووری نێوانیان، لە مابه‌ینی ورووژاندنی بەکۆمەڵ و ڕێزگرتن لە نەریتدا ده‌توێته‌وه. بەڵام له راستیدا، جیاوازی نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه، پایە بنەڕەتییەکانی ئەخلاق و داهاتووی کۆمەڵگا دیاری دەکات.
عه‌داله‌ت، وەک پارسەنگێک وایە، كه هەمووان هانده‌دات به‌ره‌و خاڵی هاوسه‌نگی. ئامانجی عه‌داله‌ت، تێرکردنی حه‌زی دڵێکی بریندار نییە، بەڵکو هه‌موو هه‌وڵی بۆ هاتنه كایه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی سەقامگیر و دادپەروەرانەیه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
لە سیستمێكی دادپه‌روه‌ردا، لەسەر بنەمای ڕێسای گشتی، لێپرسینەوە لەگەڵ سته‌مكار دەکرێت نەک حه‌زی تاکەکەس. له دادپه‌روه‌ریدا، بڕیاردان له‌سه‌ر بنه‌مای توڕەیی نییە، بەڵکو بە عەقڵانیەت و دووربینییەوە كاره‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن.
لە کۆمەڵگایەکی نیمچە خێڵەکیدا، عه‌داله‌ت کاتێک مانای ده‌بێت، کە ڕێساکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە جۆرێک بن، هەم غه‌درلێكراوه‌كان هەست بە سەلامەتی بکەن و هەم تاوانباران بزانن کە لێپرسینەوە لێیان، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە، گەڕاندنەوەی سه‌یاره‌ی دزراو بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی و داوای لێبووردن كردن و شه‌رمه‌زار بوونی ئه‌نجامده‌ری كرداره‌كه له ناو خه‌ڵك، جۆرێکە لە دادپەروەری. ئه‌مه جیاوازه له بە تەواوی دوورخستنەوە، یان سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیی خه‌تاكار.
بەڵام تۆڵەسەندنەوە به‌رهه‌می توڕەییە. لە تۆڵەسەندنەوەدا گه‌لێجار ئامانج ته‌نیا تۆڵەسەندنەوەكه‌یه نەک رێكخستنی هاوسەنگی له كۆمه‌ڵگا. هەرچەنده ده‌كرێت له رووی سۆزدارییه‌وه تا راده‌یه‌ك له‌م كاردانه‌وه ئێحساسییه حاڵی ببین، بەڵام زۆرجار دەرئەنجامی تۆڵه سه‌ندنه‌وه، ده‌سپێكی خولانه‌وه‌یه‌كی بێ‌کۆتایی له توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەیە. چونكه تۆڵەسەندنەوە، ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە، بەڵام عه‌داله‌ت داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی راسته‌قینه ئاوا ده‌كات.
له ناو ئه‌و کولتوورانەی کە شەڕەف و کەرامەت سه‌نگێكی فراوانیان هه‌یه و ڕۆڵێکی بەرچاو ده‌گێڕن، هەندێجار تۆڵەسەندنەوە وەک وڵامێک بۆ (سووکایەتی کردن) ده‌بینرێت. پرسیار لێره‌یه كه ئەگەر هەموو سووکایەتییەک بە توندوتیژی وەڵام بدرێته‌وه، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان له جیاتی ئاسایش و خۆشی، شوێنیان له‌گه‌ڵ ترس و بێ متمانه‌یی ناگۆڕنه‌وه؟
بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نیمچە خێڵەکی، لە تۆڵەسەندنەوە، بەرەو دادپەروەری ئاراسته بكرێت، دەبێ بتوانێت گفتوگۆی ناوخۆیی رێك بخات و سەرلەنوێ نەریتەکان ئه‌پده‌یت و نوێ بكاته‌وه. ئەگەر گەورە و ریش سپیه‌كان بتوانن چه‌مكی عه‌داله‌ت، بە گێڕانەوەی نه‌ریت و نموونە ناوخۆییەکان، بۆ جیلی تازه پێناسە بکەنەوە، ئەوا نەوەی گەنج دەتوانێت سۆز و عه‌قڵانییه‌ت له یه‌كتری جودا بكاته‌وه و له پێناو گه‌ییشتن به ئه‌مه‌یان، سنووری ئه‌وه‌یتر نه‌به‌زێنێت.
رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی جەماوەری، دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی گشتی و گێڕانەوەی به‌سه‌رهاتی رابردووان كه پێشانده‌ری ئه‌نجامی سوودمه‌ندی لێبورده‌یی بێت، دەتوانێت ڕێگای كۆمه‌ڵگا بۆ گواستنەوە لە خواستی تۆڵەسەندنەوە بۆ عه‌داله‌ت، هه‌موارتر بكات. بێگومان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش، ده‌توانێت رۆڵی یه‌كجار زۆر گرینگ له‌م باره‌یه‌وه، بگێڕێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت.