ئێوارەی ئەمڕۆ 27ـی ته‌ممووزی 2025، بەشێکی چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كه‌ناڵی “الشرق نیوز” بڵاوکرایەوە کە باس لە کۆمەڵێک بابەتی ناوخۆیی و هەرێمی دەکات.
مەسرور بارزانی: پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته كارتێكی سیاسی
سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دەڵێت: “مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق مافی خۆیانە مووچه‌كانیان له كاتی خۆیدا به‌بێ هیچ دواكه‌وتن و كێشه‌یه‌ك وه‌ربگرن. نیگەرانین له‌وه‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته كارتێكی سیاسی. لەکاتێکدا دادگای فیدراڵی بڕیاری له باره‌ی مووچه داوه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، نابێت ببێته به‌شێك له ململانێكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.
مەسرور بارزانی: هەولێر ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دانان و داڕشتنی یاسای نه‌وت و گاز هه‌ماهه‌نگ بێت
سه‌رۆكوەزیران له باره‌ی پرسی نه‌وت و ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی دەڵێت: توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی ڕانه‌گرتووه، به‌ڵكوو دادگه‌ی فیدراڵیی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی داوه، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سكاڵایه‌كی له‌م باره‌وه به‌رز كرده‌وه و دادگای فه‌ره‌نسیش بڕیاره‌كه‌ی دا.
مەسرور بارزانی گوتیشی: هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دانان و داڕشتنی یاسای نه‌وت و غاز هه‌ماهه‌نگ و هاوكار بێت، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2007ـەوه له‌م باره‌وه كه‌مته‌رخه‌م بووه، ئه‌گه‌ر عێراق ببێته خاوه‌نی یاسای نه‌وت، هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت بۆ چاره‌كردنی سه‌رجه‌م كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
مەسرور بارزانی: لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئەجێندای کابینەی داهاتوو ڕێککەوتووین
له باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رایگەیاند: ڕێككه‌وتووین له‌سه‌ر كار و به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوو، كه ده‌بێته بنه‌مای به‌رده‌وامیی كابینه‌ی ڕابردوو یاخود حكومه‌تی ئێستای هه‌رێمی كوردستان. ئێستا گفتوگۆكان تایبه‌تن به هه‌ندێك له پۆسته‌كانی حكومه‌ت، هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجامێك كه به دڵی هه‌مووان بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كانگیر بێت.
مەسرور بارزانی: دەزانین کێ لە پشت هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ده‌زانن چ لایه‌نێك له پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه، به‌ڵام به باشی ده‌زانن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به دڵنیاییه‌وه له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی عێراق له هه‌ماهه‌نگیدایه.
مەسرور بارزانی: هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌بێت
له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه، مه‌سرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە: هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌بێت.
هاوکات سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سعوودیه و ئێران ڕایگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕیاز زۆر باشن و مێژوویین، هاوكات هه‌ولێر ڕێز له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران و وڵاتانی دراوسێی ده‌گرێت و نایه‌وێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێی و هاوكات به‌شێكیش نه‌بووه له كێشه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
له باره‌ی سووریاشەوە، سەرۆکوەزیران دەڵێت: پێویسته دیمه‌شق ده‌رگا به ڕووی كورددا بكاته‌وه و داواكارییه‌كانی كوردی سووریا جێبه‌جێ بكات.