نووری بێخاڵی
چەند مانگێک دوای دەستبەکار بوونم لە (ڕووداو)، چوار پێنجێک لەوانەی ڕەخنە لە خەڵک و خوا و دار و بەردیش دەگرن، لەسەر زۆرێک لە پۆستەکانم لە کۆمێنت دەیاننووسی: ئەرێ بۆن و تامی پارەی نەوت خۆشە؟
ساڵ هاتن و چوون، دیار بوو ئەو توانج و لاقرتێیانەی خۆیانیان بیر چووبووەوە و تەلەفۆنیان دەکرد و سیڤییان دەنارد، تا ئەگەر هەلی کارێک لە (ڕووداو) هەبوو، شەفاعەتیان بۆ بکەم، بەڵکوو بەشی خۆیان لە پارەی نەوتەکە ببەن!
وا ڕێککەوت (ڕووداو)م جێ هێشت و لە (باس) دەست بەکار بووم و بەدوایدا چوومە کوردستان ٢٤، ئیدی ئەمجارەشیان پێڕێکی تر لەو تایپی ڕەخنەچییە، لە کۆمێنت دەیاننووسی: ها خاڵە، دەڵێی دەخیلەی پاراستن (خۆیان گوتەنی!) تێر و پڕترە، بۆیە پەڕیتەوە ئەوبەر؟
ئیتر زۆری نەبرد، ئەم پێڕەش یادەوەرییان کوێر بوو و هەر بە تەلەفۆن وازیان نەهێنا و لە ماسنجەر و واتس ئاپ و ڤایبەر و بە ئیمەیل، مێشکمیان بە ناردنی سیڤییەکانیان برد، بەڵکوو لەو دەزگا میدیاییانەی بۆ خۆیان ناویان نابوون (پاراستن!)، جێیەکی باشیان بۆ بکەمەوە!
کاتێکیش وازم لە باس و کوردستان ٢٤ هێنا و گەڕامەوە کاری فەرمانبەرایەتی و لەو نێوەدا چوار هەزار دۆلار مووچەی مانگانەی بێ دواکەوتنی کاری میدیاییم بۆ مووچەیەکی کەمی مانگانەی فەرمانبەری جێهێشت، مووچەیەکی عەلاحەددەی میری کە ناگاتە نیوەی مووچەی پێشتر و وەک بەختەباران وایە، مانگێک دێت و سێیان نایەت، موصەقەفێکی تازە پیاکەوتووی لەخۆباییی دەڤەرەکەمان کە لە هەندەرانە و دەم لە فەلسەفە و شتی دیکەش دەژەنێت، لە کۆمێنت بۆی نووسیبووم: پیرۆزە، پارەی زۆر و دەسکەوتی چەورتر ئەوێشی پێ بەجێهێشتیت؟
ئەوەی ئەم باسەی بیر خستمەوە، دیدارەکەی نێوان هونەرمەندی گەورەی کورد (ماهیر حەسەن) و سەرۆکی دەزگای ڕوانگە (ئیدریس نێچیرڤان بارزانی) بوو، کە زۆرێک لەم تایپی ڕەخنەچییانە، لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا ڕاست و چەپ، بە نووسین و کۆمێنت کەوتنە گیانی ئەو هونەرمەندە لێهاتوو و خاوەن ئەزموون و خزمەتە هونەرییە دەوڵەمەندەی بواری دراما و بێ بەزەییانە پێیدا ڕشانەوە!
بەهەرحاڵ، ئەو دەرفەتە بۆ ئەوە دەقۆزمەوە کە بڵێم:
کۆی کۆمێنتەکانی دوو تایپە ڕەخنەچییەکەی سەرەوەم سکرین شۆت کردووە و هەموو نامە و سیڤییەکانیانیشم پاراستوون. خوا یار بێت دوای تەواو بوونی، لە کتێبی (بیرەوەریی ڕۆژانی ڕۆژنامەنووسییم)دا بە ئەمانەت و بە ناو و وێنەکانیانەوە بڵاویان دەکەمەوە و کۆمێنتی کابرای هەرزە موصەقەفەکەی هەندەرانیشم بۆی لەناو پارووێکی گەرم هەڵگرتووە، بۆ کاتێک کە وای لێ دەکەم، بۆ حەوت پشتی خۆی پەنجەی پەشیمانی بگەزێت و “بە کەر بڵێ خاڵە!”
لەم نێوەدا یەک شت بۆ من گرنگە:
من وەک ئێستا، ئەوکاتیش هەر خۆم بووم، کەچی ئەوان کلکیان لە زۆر تەڵەدا پچڕا و عاریان نەناوە!