سالح هەرکی
نه‌ته‌وه‌خوازی و خۆشەویستیی نیشتمان، هەستێکی بەرز و بەنرخه، کە ده‌توانێت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ یه‌ك بخات و وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه ببات. بەڵام کاتێک ئەم هەستە دەبێتە ئامرازێک، بۆ ڕەوایەتیدان بە هه‌ڵه‌و تاوان، لەجیاتی خزمەتکردن، زیان بە نیشتمان دەگەیەنێت. یەکێک لە دەرکەوته ناله‌باره‌كانی ئەم لادانە (به پاڵه‌وان كردنی) خه‌تاكارانه. واتە بەرگریکردن لە کەسێک، کە كردارێكی نایاسایی یان نائەخلاقی ئه‌نجام ده‌دات و له خۆمانه. به مانایه‌كیتر، تەنها لەبەر ئەوەی كه‌سێك هاووڵاتی یا هاونه‌ته‌وه‌ی ئێمە بێت، به‌بێ لێكۆڵینه‌وه، پشتگیری له كاره هه‌ڵه‌كانی بكه‌ین.
به‌داخه‌وه له هه‌ندێ ڕووداوی ئه‌م دوواییه،( به‌نزینخانه‌كه‌ی هه‌ولێر) به تایبه‌ت، ده‌بینین كه خه‌ڵكانێك، لە بری ئیدانەکردنی كرداری هه‌ڵه، به بێ هه‌ست كردن به به‌رپرسیاریه‌تی، له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پاساو بۆ خه‌تاكار دەهێنینەوە و تەنانەت بە پشتبەستن بە ده‌مارگیریی نەتەوەیی یا ئایینی، دەیکەین به كردارێكی شه‌ڕه‌فمه‌ندانه و له ئه‌نجامدا، تاوانبارێك ده‌بێته پاڵه‌وان و به ناوی نه‌ته‌وه و نیشتمان په‌سنی ده‌درێت و به به‌ژن و باڵای هه‌ڵده‌گوترێت، بێگومان ئەمەشیان، كۆمه‌ڵێك زیانی گەورەی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ میناك:
1- قوربانی کردنی دادپەروەری:
لەکۆمەڵگەیەکی تەندروست دا، پێویستە پێوەرەکانی ده‌ركردنی حوكم، یاسا و ئەخلاق بێت نەک مه‌یلی نەتەوە یان خێڵ. پشتگیریی کوێركوێرانە لە ستەمکار، شەرعیەتی یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زەمینە بۆ گەندەڵی و ئاژاوە دەخولقێنێت.
2- دروستکردنی جیاكاری و ته‌فره‌قه‌ی کۆمەڵایەتی:
کاتێک نه‌ته‌وه‌یه‌ك، بەرگری لە خه‌تاكاره‌کەی دەکات، خه‌ڵكیتر ئه‌م كرداره، بە پشتیوانی له نادادپەروەری دەیبینن. گومانی تێدا نییه، كه ئەم هەستە دەبێتە هۆی بێ متمانەیی و سه‌رهه‌ڵدانی دوژمنایەتی له نێوان نه‌ته‌وه‌كان و ئه‌مه‌شیان یەکڕیزی نەتەوەیی تێکدەدات.
3- خولقاندنی نموونه‌ی هه‌ڵه :
به پاڵه‌وانكردنی تاوانبار، ده‌بێته مایه‌ی هاندانی تاكه‌كانیتری ئه‌و كۆمه‌ڵگا یا نه‌ته‌وه‌یه، بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی زیاتر و بگره گه‌وره‌تریش. له وڵاتێك كه پڕۆسه‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌سایه‌تیی قاره‌مان، به كه‌ناڵێكی هه‌ڵه‌دا بڕوات، قاره‌مانه‌كانی ئایینده‌ش، له ڕێگه‌ی تاوانكارییه‌وه، خۆیان ده‌ناسێنن و پێشانده‌ده‌ن.
نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینە، واتە هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێ بوونی عه‌داله‌ت، تەنانەت ئەگەر دژی نزیکترین کەسی خۆت بێت. نابێت هه‌رگیز له یاد بكه‌ین، كه ئه‌نجامدانی تاوان، پرسێکی تاکەکەسییە نەک نەتەوەیی و ئایینی. بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م دیارده خراپ و قێزه‌ونه، ڕێگه چاره‌ی بنه‌ڕه‌تی و یه‌كلاكه‌ره‌وه پێویسته، كه خۆی له پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و هۆشیاری له قوتابخانه‌وه بگره، تا سیاسه‌تی كاری ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ئامۆژگاری له په‌رستگه ئایینییه‌كان ده‌بینێته‌وه. هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه دادپه‌روه‌ری به‌هێزتر بكرێت و ڕێز له به‌ها مرۆییه‌كان بگیرێت. ڕێز گرتن له سه‌روه‌ریی یاسا له دروشمه‌وه ببێت به نه‌ریت و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی و قاره‌مانه ڕاسته‌قینه‌كان، ئه‌وانه بن كه خه‌بات بۆ ئاشتی و دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمانن.
كلتووری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه، به دروشمی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه، ده‌كه‌وێته مه‌ترسی و له‌م حاڵه‌ته‌ش، ته‌نیا هه‌ڵه‌ی نه‌فامێك، كاره‌ساتی گه‌وره له نێوان نه‌ته‌وه‌كان دروست ده‌كات. ئه‌م ئاگره هی گه‌مه پێكردن نییه. با هه‌موومان خۆمان بپارێزین.