ئەدەبی زیندان، هاواری ئازادی لە پشت شیشەبەندەکانەوە

نووری بێخاڵی

ئەدەبی زیندان کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەم دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکاندا سەری هەڵداوە، یەکێکە لە کاریگەرترین و قووڵترین ژانرە کۆنەکانی ئەدەب و لایەنێکی گرنگی ئەدەبی جیهان پێکدەهێنێت و بەشێکی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی تۆمار دەکات.

ئەم ئەدەبە ئەزموونێکی تایبەتی مرۆڤایەتییە، لە ئازار و ناخۆشییەکی ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت کە نووسەر خۆی لە پشت دیوار و شیشەبەندەکانەوە بەسەری بردووە. ئەدەبێکە بە ڕاستگۆیی و کاریگەریی بەهێز دەناسرێتەوە، چونکە گوزارشت لە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی تاڵ دەکات کە تێیدا هەستە مرۆییەکان لە نێوان ئازار و ئومێد، بێهوودەیی و هیوا، ئەشکەنجە و بەرگری، هەستی بێکەسی و خەونی ئازادیدا، تێکەڵ دەبن.

ئەدەبی زیندان کە تا ئەمڕۆش ڕۆڵێکی گرنگ لە ئەدەبی جیهانیدا دەگێڕێت، بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی شایەتی مرۆیی بەهێز لەسەر ئەزموونی دەستگیرکردن و زیندان، هەروەها تیشک خستنە سەر پرسەکانی ئازادی و دادپەروەری، ئەدەبێکە بە فۆڕم و لە توێی ژانری جیاوازدا دەردەکەوێت، لەوانە (شیعر، کورتەچیڕۆک، ڕۆمان، ژیاننامە، بیرەوەری و نامەگۆڕینەوە) و لەباری ناوەڕۆکیشدا چەندین بابەتی جیای وەک، بێبەشبوون لە ئازادی، ئەشکەنجە و مامەڵەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونی، پەیوەندیی نێوان زیندانییەکان، پەیوەندیی نێوان قوربانی و جەللاد، خۆڕاگری و بەرەنگاری، بیرکردنەوە لە خێزان و نیشتمان، لە خۆی دەگرێت.

لەبەرئەوەی ئەم فۆڕمە لە ئەدەب چیڕۆکی سیستەم و دەسەڵاتێکی سیاسیی دیاریکراو دەگێڕێتەوە، هەلومەرج و بارودۆخی زیندان لە سەردەمێکی دیاریکراودا تۆمار دەکات، سەرچاوە لە ئەزموونێکی ڕاستەقینەوە دەگرێت (لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەزموونی خودی نووسەر خۆیەتی)، ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی کەسی زیندانیی وێنا دەکات و گوزارشت لە هەستی بێگەرد و قووڵاییە دەروونییەکەی نووسەر دەکات، بۆیە زیاتر ئەدەبێکی واقیعییە تا خەیاڵی و فانتازی و ڕەگەزی ڕاستگۆیی تێدا باڵادەستە.

واقیعیبوون، هەستی قووڵ، زمانی چڕوپڕ، ئازایەتی لە دەربڕینی ئازارەکان، گواستنەوەی ژیانی ناو زیندان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ پەردە، ڕاستگۆیی هونەری، تێکهەڵکێشکردنی ژانرە ئەدەبییەکان، بەهای بەڵگەنامەیی، ڕەهەندی سیاسی و فیکری، لە تایبەتمەندی و خەسڵەتە هەرە دیارەکانی ئەدەبی زیندانن.

بەهۆی یاداشتکردنی دیوە تاریک و دڕندانەکانی ناو زیندان، وێناکردنی دیوی شەیتانیی جەللاد و خستنەڕووی شێواز و میکانیزمەکانی لەمرۆڤخستنی زیندانیی، تۆمارکردنی ئەزموونە تاڵ و تایبەتییە مرۆییەکان، ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێشکەشکردنی دیدێکی قووڵی مرۆیی بۆ ژیان، تیشک خستنە سەر پرسەکانی ئازادی و دادپەروەری، هەروەها بەوپێیەی کە شێوازێکیشە لە شێوازەکانی بەرەنگاری، گرنگییەکی گەورەی ئەدەبیی هەیە و وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ و نەمر دەمێنێتەوە و بەردەوام ئەوە بە بیری مرۆڤایەتی دێنێتەوە کە پێویستە بە هەر نرخێک بێت، بەرگری لە بەهای ئازادی بکات.

خودی ئەو گرنگییە مێژووییەی ئەدەبی زیندان، دواجار وای کردووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، بەتایبەتی لە پەیوەست بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا سەبارەت بە پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ، هاندانی مرۆڤەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دادپەروەری و ئازادی، تۆمارکردنی مێژوو لە ڕوانگەی چەوساوەکان و ئیلهامبەخشین بە خەڵکی بۆ خەباتکردن لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا. بەم سروشت و تایبەتمەندییانەیەوە، ئەدەبی زیندان شایەتحاڵێکی زیندووە لەسەر توانای مرۆڤ بۆ گۆڕینی ئازار بۆ داهێنان و ژان بۆ هیوا.

ڕاستییەکەی، چونکە ئەدەبی زیندان تەنیا گێڕانەوە و باسکردنی ئازار و مەینەتییەکانی ناو زیندان نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی ئەو قۆناغە مێژووییانەی کە نەتەوەیەک یان گەلێک پێیدا تێپەڕیوە، ئەویش لە ڕێگای گێڕانەوەی چیڕۆکی کەسێک یان کۆمەڵێک کەس کە خۆیان بەشێک بوون لەو ڕووداوانە، بۆیە بە بەشێکی گرنگی مێژووی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەدەبی زیندان کە هەڵگری پەیامی خۆڕاگری و هەوڵێک بووە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی، بەشێکی گرنگ و کاریگەری ناو مێژووی ئەدەبیی ئێمەی کوردیشە، کە لە ڕێگایەوە گوزارشتی لە خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد کردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە تۆمارکردنی مێژووی خەباتی گەلەکەمان و بەرهەمهێنانی یادەوەرییەکی نێوکۆیی و هاوبەش بۆ کۆمەڵگای کوردی بینیوە.