سالح هەرکی
ساڵی 1959 كه خڕۆشچۆف ڕێبه‌ری سۆڤیه‌ت، به فه‌رمی سه‌ره‌دانی ئامریكای كرد و له لایه‌ن ئایزێنهاوێر سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێشوازی لێ كرا، له یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی سه‌فه‌ره‌كه، خڕۆشچۆف، داوای كرد كه بچێته شه‌قامه‌كانی هۆڵیوود یا سانفڕانسیسكۆ و پیاسه بكات. به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ڕێگه‌یان نه‌دا و وتیان له‌به‌ر مه‌ترسیی بۆ گیانت، نابێ ئه‌مكاره بكه‌یت. چونكه مومكینه تیرۆر بكرێیت. خڕۆشچۆف به تیزه پێكردنه‌وه وتی: (ئا، كه‌واته ئه‌مه‌یه ئازادیی ئامریكایی)
ڕه‌نگه ئه‌م وته‌یه‌ی ڕێبه‌ری سۆڤیه‌ت، بووبێته سه‌به‌ب، كه له ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان ئاسایش و ئازادی له ناو كۆمه‌ڵگاكان بنووسرێت و بۆچوونی جیاواز له‌مباره‌یه‌وه بڵاو بكرێته‌وه. چونكه لە ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی شارستانییەت و گەشەسەندنی کۆمەڵگاكان، ئه‌م دوو چه‌مكه، هەمیشە چه‌قی گفتوگۆ و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی پڕۆسه‌ی بڕیاردانی پێكهێناوه. ئازادی ده‌ربڕی بازنه‌ی پراكتیزه كردنی حه‌زی تاکه له بیرکردنەوە و دەربڕین و بژاردن و ژیان، بەپێی بیروباوەڕی خۆی. به‌ڵام ئاسایش زەمینەی له‌بار بۆ پاراستن و چاودێریی پێویست دابین ده‌كات، به ئامانجی ژیانێكی ئاشتیانه و دوور لە توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه.
لێره، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: كه گه‌لۆ چۆن دەتوانین هاوسەنگی لە نێوان ئەم دووانە بپارێزین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکمان هەبێت کە هەم ئازاد بێت و هەم ئاسایشه‌كه‌ی پارێزراو بێت؟ ئایا مەرجە، بوونی یەکێکیان لەگەڵ حزووری ئەویتردا، ناکۆک بێت؟
ناشاردرێته‌وه، ره‌نگه لە یەکەم نیگادا، ئازادی و ئاسایش وەک دوو بەهای دژ بەیەک خۆ بنوێنن. زیادکردنی ڕێوشوێنه‌كانی كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵات و حکومەت، له پێناو دڵنیابوون لە ئاسایشی كۆمه‌ڵگا، دەتوانێت فەزای ئازادییەکانی تاک سنووردار بکات. لە لایەکی دیکەوە، ڕێگه‌دان به زیادەڕۆیی لە پڕاكتیزه كردنی ئازادییەکان و به‌زاندنی بازنه‌ی ئازادیی ئه‌وانیتر، ڕەنگە زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ زیادبوونی هەڕەشە و نائەمنی و نه‌مانی هێمنی و ئاسایش، دروست بکات.
ده‌سه‌ڵاتدارێكی ڕووسی، له وڵامی ئه‌و پرسیاره كه ئایا ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئامریكایی عه‌قڵانیتره یا كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كوو سۆڤیه‌تی ئه‌وكات؟ ڕه‌نگه وڵام بداته‌وه كه بێگومان كۆمه‌ڵگای سۆڤیه‌تی، چونكه شه‌قامه‌كانی سانفڕانسیسكۆ بۆ پیاسه‌ی ڕێبه‌ری سۆڤیه‌ت شیاو نه‌بوون له حاڵێك له سۆڤیه‌ت، سه‌رۆكی ئا‌مریكا ڕه‌نگه رێگه‌ی پێ درابا له شه‌قامه‌كانی مۆسكۆ چه‌ندی بیه‌وێت پیاسه بكات. كه واته له ڕوانگه‌ی ئه‌م كه‌سه، ئازادیی ئامریكایی، ناتوانێت ئاسایشی پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بكات. بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ئه‌گه‌ر پێشێلی ئازادییه‌كانی خه‌ڵكیشی كردبێت، به‌لایكه‌م، زه‌مینه‌یه‌كی وای ڕه‌خساندووه كه خه‌ڵك له جاده، هه‌ست به مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێ نه‌كه‌ن. بۆیه وه‌كوو ده‌ڵێن : یا خودا، یا خورما. هه‌ردووكی پێكه‌وه مومكین نییه.
بەڵام لە واقیعدا ئازادی و ئاسایش، دوو چه‌مكی دوژمن و دژ به یه‌كتری نین، بەڵکو تەواوکەری یه‌كدین. له کۆمەڵگایەک کە تێیدا هاووڵاتیان هەست بە سەلامەتی بکەن، زه‌مینه‌ی له‌باری زیاتر هه‌یه بۆ جێبه‌جێ كردنی ئازادییەکانی تاك و بە پێچەوانەشەوە، بوونی ئازادییه مه‌ده‌نی و یاساییه‌كان، یارمەتیی هاووڵاتیان دەدات بۆ کاردانەوە له بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکردنی ئاسایشی گشتی. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە میدیای ئازاد و ڕێکخراوی مەدەنی چالاكن، دامەزراوە ئەمنییەکانیش کەوتوونەتە ژێر چاودێری هاونیشتمانیان و کەمتر مافی هاووڵاتییان پێشێل دەکەن.
به‌داخه‌وه، تا ئێستا ته‌نها كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كان، توانیویانه هاوسەنگی نێوان ئازادی و ئاسایش بپارێزن و ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ش، پێویستی بە میکانیزمێک هەیە کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەفافییەت و به‌شداریی به‌كۆمه‌ڵ بێت. ئه‌م ئه‌نجامه‌ش كاتێك دێته دی كه:
1- یاساکان بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە هەم ئازادییە بنەڕەتییەکان گەرەنتی بکەن و هەم میکانیزمی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گشتی دابین بکەن. پێویستە یاسا و ڕێساكان ڕوون و ساده بن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە باشی لێی تێبگه‌ن و ماف و بەرپرسیارێتی خۆیان بزانن.
2- میدیای ئازاد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن بە پێشکەشکردنی ڕەخنەی بنیاتنەر و هۆشیارکردنەوەی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ڕێگری لە دەسەڵات بکەن بازنه‌ی ئازادییه‌كانی هاونیشتمانیان ببه‌زێنێت. ئەم چاودێری کردنە، به‌ربه‌ستێكی به‌هێزه، بۆ ڕێگه گرتن له هه‌رجۆرە خراپ بەکارهێنانێكی دەسەڵات، له لایه‌ن هێزه ئەمنییەکان.
3- گەشەكردنی ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی کۆمەڵگا، وادەکات هاووڵاتیان ئاگاداری بەرپرسیارێتی خۆیان بن، له هه‌مبه‌ر ئه‌وانیتر و ئازادی لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئاسایشی بەکۆمەڵ و گشتیدا مومارەسە بکەن. ئەمەش واتە تێگەیشتن لەو ڕێسا به‌ناو بانگه، کە ئازادی تاک نابێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە.
4- متمانە بە دامەزراوە ئەمنییەکان بەهێزتر دەبێت کاتێک ئەدای کارکردنیان شەفاف و یاسایی بێت و ڕێسای لێپێچینه‌وه له‌م دامه‌زراوانه، دیار كرابێت. کاتێک هاووڵاتیان بزانن کە ئەو داموده‌زگایانه، بە پێی یاسا مامەڵە دەکەن، هاوکاری و پشتیوانی خه‌ڵك بۆیان زیاد دەکات.
له كۆتایی دیسان دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، كه کۆمەڵگایەکی پێشكه‌وتنخواز، پێویستی بە پێکەوە ژیانی ئازاد له كه‌شێكی هێمن و پارێزراو هەیە. ئەم پێکەوە ژیانە نابێت ئه‌نجامی هاوکێشەیەکی وابێت، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی سفر بێت. واته کە یەکێکیان زیاد بکات ئەوی دیکەیان کەم ببێتەوە، بەڵکوو وەک دوو هێزی تەواوکەری یه‌كتری، ده‌بێت ته‌وازون له نێوانیاندا هه‌بێت و پێكه‌وه خزمەت بە گەشەی تاکەکەسی و كۆی كۆمه‌ڵگا بکەن. گەشەسەندنی بەردەوام کاتێک ڕوودەدات کە هاووڵاتیان بتوانن بە ئازادی بیروڕاکانیان دەرببڕن و لە ژینگەیەکی سەلامەت و ئارام و هێمن دا بژین. ئازادی بەبێ ئاسایش له‌رزۆكه و ئاسایش بەبێ ئازادی خنکێنەرە. دروست کردن و پاراستنی ئەم ته‌وازون و هاوسەنگییە ئەرکێکی بەردەوام و دینامیکییە کە پێویستی بە زیرەكی و هه‌ست كردنه به به‌رپرسیاره‌تی له لایه‌ن هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ. كوردیش له مێژه گوتوویه‌تی: چه‌پڵه به ده‌ستێك لێ نادرێت.